سەرۆک کۆمار سەردانی مۆزەخانەی شوێنەواری لەشاری لیماسۆلی قوبرس کرد
لەچوارچێوەی سەردانە رەسمییەکەیدا بۆ کۆماری قوبرس، سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەردانی مۆزەخانەی شوێنەواری لە شاری لیماسۆل کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لەکاتی سەردانەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2023 سەرۆک کۆمار ئەنجامی دا، لەلایەن بەڕێز دکتۆر فاسیلیکی کاسیانیدۆ جێگری وەزیری رۆشنبیریی قوبرسەوە پێشوازی لێکرا.
سەرۆک کۆمار بەشەکانی مۆزەخانەکەی بەسەرکردەوە و رونکردنەوەی پێویستی لەبارەی پارچە و پەیکەرە شوێنەوارییەکان پێشکەشکرا، کە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی کۆن و چاخی بەردینی نوێ و پارچەی وەک دەفری گڵی و خشڵ و پەیکەری سەردەمی یۆنانی و رۆمانی لەخۆدەگرێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی رۆڵی کولتوری و مێژوویی قوبرس و ئەو شارسانێتییەی بەرهەمیهێناوە و دەوڵەمەندە بە هونەر و ئەدەب لە میراتی مرۆیی جیهانیدا. هەروەها خواستی خۆی دەربڕی بۆ بەهێزکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان قوبرس و عیراق بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و پتەوکردنی دیالۆگی شارستانێتییەکان، کە هەردوو وڵات و گەلی دۆست کۆدەکاتەوە.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئومێدی خواست بەرپرسان و کارمەندانی مۆزەخانەکە سەرکەوتنی زیاتر لە کارەکانیاندا بەدەستبهێنن.
