قوباد تاڵەبانی پێشوازی لەجێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكمەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڤیكتۆریا نوڵاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی بەوەكالەت كۆبوەوەو رایگەیاند: دەبێت بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری لە شێوازی ئیدارەدانی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بكرێت.
قوباد تاڵەبانی لە پۆستێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویكردووەتەوە ، رایگەیاند: لە كۆبوونەوەم لەگەڵ ڤیكتۆریا نوڵاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی بەوەكالەت، جەختمان كردەوە كە دەبێت بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری لە شێوازی ئیدارەدانی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بكرێت و لە ئیدارەی داهاتووی ئەو ناوچانەدا هیچ جۆرە پەراوێزخستن و جیاوازیدانانێك نەمێنێت و وەك یەك خزمەتی هەموو پێكهاتەكان بكرێت.
ئاشكراشیكرد: سەبارەت بە رۆڵی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، هەردوولا هاوڕابووین مانەوەی هاوپەیمانان و ئامادەیی زیاتر لە هەموو رووەكانەوە لەم قۆناغەدا بۆ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستە.
