مەسرور بارزانی: لە کابینەی نۆیەم رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا زیادیکردووە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت، "لە کابینەی نۆیەم رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا زیادیکردووە". دەشڵێت، "لە مێژووی گەلی کوردستاندا ئافرەتان هەمیشە رۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە".
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-12-2023، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لەژێر ناوی (هێز و توانای ئافرەت، بناغەی پێشکەوتنی ئاشتی و ئابوورییە) دەستیپێکرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەمیانی کۆنگرەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و، ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی خەباتی رزگاریی خوازی گەلی کوردستان و بەشداریی کارایان لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرد.
مەسرور بارزانی جەختیکردەوە، "یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازی هەیە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی رزگاریی خوازی گەلی کوردستان؛ یەکێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی کوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون و لە ریزی پێشەوەی بەرگریکردن بوون لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان".
