تەندروستی جیهانی: له نهخۆشخانهكانی غهززه توانای چارهسهری برینداران نهماوه
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئهمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، چیتر نەخۆشخانەكانی باکوری کەرتی غەززە توانای کارکردنیان نییە، ئهوهش بههۆی کەمیی سوتەمەنی و تیمی کارمەندان و پێداویستییەکان، دهشڵێت، "تەرمی قوربانیانی دوایین هێرشەکانی ئیسرائیل لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا کەڵەکە بون"، تائێستاش نهتوانراوه بهخاك بسپێردرێن. ریچارد پیپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە غەززە لە رێگەی پهیامێكی ڤیدیۆییەوە رایگەیاندوە، "ئێستا له باكوری كهرتی غهززه نەخۆشخانەکان توانای کارکردنیان نهماوه، لە کۆی 36 دامەزراوەی پزیشکی بەشێکیان له كاردان".
ئاماژهی بهوهشكرد، نەخۆشخانەی ئەلئەهلی دواهەمین نەخۆشخانە بوە، بەڵام ئێستا "تهنها نەشتەرگەری سهخت بۆ برینداران دهكرێت"، نەخۆشخانەکە هێشتا چارەسەری نەخۆشەکان دەکات، بەڵام نەخۆشی نوێ وەرناگرێت.
نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە غەززە باسی لهوهشكرد، "نەخۆشخانەی ئەلئەهلی وەک خانەی بەساڵاچوان بوە، چاودێرییەکی زۆر سنوردار دەکات"، 10 ئەندامی ستاف کە هەمویان پزیشک و پەرستاری بچوکن، بەردەوامن لە پێشکەشکردنی فریاگوزاری سەرەتایی سەرەتایی و چاودێریکردن بریندارەکان.
ئهوهشی خستهڕو، "تا دو رۆژ لەمەوبەر، تاکە نەخۆشخانە بو کە دەتوانرا نەشتەرگەری بۆ بریندارانی باکوری غەززە بکرێت و قەرەباڵغ بو لە نەخۆشەکان کە پێویستیان بە چاودێری بەپەلە بو، بهڵام بەهۆی نەبونی سوتەمەنی و کارەبا و پێداویستی پزیشکی و ستافی پزیشکی لە نێویاندا پزیشکانی نەشتەرگەری و پزیشکانی دیكهی پسپۆڕ، ژوری نەشتەرگەری نەماوە".
پێپەرکۆن ئاماژەی بەوەکردوە، "تەرمی قوربانیانی دوایین هێرشەکانی ئیسرائیل لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا کەڵەکە بوە، بەهۆی نەتوانینی ناشتنیان بە شێوەیەکی سەلامەت و دروست".
جگە لە نەخۆشخانەی ئەلئەهلی، تەنها سێ نەخۆشخانە لە باکوری غەززە هەن، کە بە کەمترین توانای خۆیان کاردەکەن، ئەوانیش شیفا، ئەلعەودە و ئەلصەحابه، ئەو نەخۆشخانانه "هەزاران کەسی ئاوارە لەخۆدەگرن".
رونیشیکردەوە، هەندێک لە نەخۆشهكان له نەخۆشخانەی ئەلئەهلی "چەند هەفتەیەک چاوەڕێی نەشتەرگەری دەکەن"، ئەگەر لە کۆتاییدا نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، ئەوا "ڕوبەڕوی مەترسیی بەرکەوتنی هەوکردن دەبنەوە دوای نەشتەرگەری، ئەوەش بەهۆی نەبونی دژە زیندەیی و دەرمانی دیکەوە".
