کۆمپانیای گڵۆباڵ فایەرپاوەر:سوپای عێراق چوارەم بەهێزترین سوپای وڵاتانی عەرەبیه
کۆمپانیای گڵۆباڵ فایەرپاوەر کە پلاتفۆرمێکی بەناوبانگی سەربازییە بڵاویکردەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئەوە خراوەتە روو کە عێراق لە پلەی چوارەم بەهێزترین سوپای عەرەبییە و هەروەها ٤٥ـەم بەهێزترین سوپای جیهانیشە.
ئەمڕۆ هەینی کۆمپانیای گڵۆباڵ فایەرپاوەر کە پلاتفۆرمێکی بەناوبانگی سەربازییە ریزبەندییەکی بۆ بەهێزترین سوپا عەرەبی و جیهانییەکان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، سوپای عێراق لە ریزبەندی چوارەم بەهێزترین سوپایە لە نێوان وڵاتە عەرەبییەکان و هەروەها بە ٤٥ـەم بەهێزترین سوپای جیهانیش دادەنرێت.
ئەوەش خرایە روو، ریزبەندییەکە بە پشتبەستن بە ژمارەی کەرەستەی سەربازی و هێزی وڵاتەکە و هەروەها دۆخی دارایی و جوگرافیا و سەرچاوە بەردەستەکانی ئەنجامدراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە نێوان وڵاتە عەرەبییەکاندا سوپای میسڕ ریزبەندی یەکەم بەهێزترین سوپای گرتووە و لە جیهاندا لە ریزبەندی ١٤ـەمدا پۆلێنکراوە، پاشان لە ریزبەندی دووەمدا سوپای سعودییە دێت کە لە جیهاندا ریزبەندی ٢٢ـەم بەهێزترین سوپای گرتووە، پاش ئەوەش جەزائیر ریزبەندی سێیەمی لە نێوان وڵاتە عەرەبییەکاندا گرتووە و پێش عێراق کەوتووە.
باس لەوەش کراوە، لە ریزبەندی بەهێزترین سوپاکانی جیهاندا، سوپای ئەمریکا بە بەهێزترین سوپای جیهان دادەنرێت و پاشان لە پلەی دووەمدا سوپای روسیا دێت و سوپای وڵاتی چین پلەی سێیەمی بۆ بەهێزترین سوپاکانی جیهان گرتووە.
