شەش هاوڵاتی سڤیل لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (25ـی کانونی یەکەمی 2023)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی کرد بە بۆردوومانکردنی چەندین ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە تایبەتی ناوچەکانی سڤیل لە شاری کۆبانێ و قامشلۆ و باشووری ڕۆژھەڵاتی عەفرین و چەندین شار و لادێی تر، کە بووە هۆی کەوتنەوەی قوربانی و کەوتنەوەی زیان لە چەندین ژێرخانی ئابووری ناوچەکە، جگە لە موڵکی هاوڵاتیان، هەروەها نەخۆشخانەکان و کارگەکانی خواردن.
لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ئەمڕۆ دووشەممە چەندین هاوڵاتی برینداربوون و شەش هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی بە ناوەکانی، ڕیاز حەمۆ، بێریڤان مەحەممەد، مامۆستا فەرحان خەلەف، ڕێناس حوسێن، فەرحان تەمی، حوسێن ئەحمەد.
هەروەها بۆردوومانەکانی تورکیا نەخۆشخانەی هیلالی سوری کردە ئامانج کە زیانێکی گەورەی پێگەیاند و لە خزمەت دەرچوو.
ژمارەی قوربانیانی سڤیل لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو زیادبوون دەڕوات لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی تورکی بۆ سەر ناوچەکانی سڤیل، ئەمەش لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکەن کە چەندین زیانی جۆراوجۆر بە خەڵکی سڤیل و ژێرخانی ئابووری گەیاند.
