سەرۆك وەزیران پێشوازی لە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق دەکات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی کرد لە موئەیەد لامی نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراقی و سەرۆکی یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە میانەی دیدارەکەدا،سودانی جەختی لە پێزانینی حکومەت بۆ هەوڵەکانی ڕۆژنامەنووسان کردەوە، لەگەڵ دابینکردنی هەموو چاودێری و گرنگیدانێک بۆیان و پاراستنی مافەکانیان لە گەیشتن بە زانیاری کە نوێنەرایەتی گرنگترین مافەکانی ڕۆژنامەوانی دەکات، جەختیشی کردەوە لە گرنگیدان بە خێزان و کەس و کاری شەهیدانی ڕۆژنامەگەری.
هەروەها سەرۆک وەزیران ئەو هەوڵانەی ڕۆژنامەنووسانی بەرز نرخاند کە لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا داویانە، چونکە ڕووماڵکردنیان و یاوەریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن یەکێک بوو لە هۆکارە هەرە دیارەکانی سەرکەوتنی.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە ڕووداوەکانی غەزە کرا لەگەڵ بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆی کارمەندانی ڕۆژنامەوانی لەلایەن سەربازەکانی ئەو قەوارە قۆرخکارەوە، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان ڕۆژنامەنووس.
