کۆمسیۆن:وەڵامی تانەکان ڕادەستی دەستەی دادوەری کراوە
کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، کۆمەڵەی یەکەمی وەڵامی تانەکانیان رەوانەی دەستەی دادوەری کردووە و لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا وەڵامی هەموو تانەکان رەوانەی دەستەکە دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە،، عەلی فەیسەڵ، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ یەکشەممە، 31-12-2023، کۆمەڵە (وەجبە)ـی یەکەمی وەڵامی سکاڵاکانی دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان رەوانەی دەستەی دادوەریی ئەو وڵاتە کردووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، 329 سکاڵا لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەکانەوە لە دژی کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون و پێشبینی دەکەن "لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا" وەڵامی هەموو سکاڵاکان بدەنەوە و رەوانەی دەستەی دادوەری بکەن.
