وەزارەتی بەرگری تورکیا 15 پێگەی پەکەکە لە باشووری کوردستان بۆردوومانکرد
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئێوارەی رۆژی شەممە، 6-1-2024، بڵاویکردەوە، هێزی ئاسمانیی تورکیا 15 شوێنی تایبەت بە بەرپرس و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەو راگەیێندراوەیدا کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەیکردووە کە ئەو هێرشانە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانیان، وەستاندنی هەڕەشەی ئەو رێکخراوانەی کە ئەنقەرە بە تیرۆرست ناویان دەبات کراون. هاوکات، تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان پشتئەستوور بە بڕگەی 51ی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە تایبەتە بە بابەتی بەرگری لەخۆکرن.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رۆژی 6-1-2024 کاژێر 17:30 لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا لە باکووری عێراق؛ مەتین، گارە، خاکورک، قەندیل و ئاسۆس 15 پێگە بۆردوومانکران کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی بەکاردەهێنران. ئەو شوێنانەی کرانە ئامانج وەکو ئەشکەوت، حەشارگە، کۆگا بوون و لە بەشێکیاندا بەرپرسانی رێکخراوەکەش هەبوون".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێداگریی لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان نیشانداوە و جەختی کردووەتەوە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا "خەڵکی سڤیلی بێتاوان، دۆستەکان، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان بە هیچ جۆرێک زیانیان پێ ناگات."
