پارێزگاری هەولێر:بۆ کەمکردنەوەی نرخی نان و سەمون بڕیارماندا بە داشکاندن بە رێژەی ٥٠٪ بۆ هەر لیترێک غاز
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەپێناو ئەوەی ١٠ نان و سەموون بە هەزار دینار بە هاووڵاتیان بفرۆشرێت، بڕیاریانداوە بە داشکاندن بە رێژەی ٥٠٪ بۆ هەر لیترێک غاز بۆ نەنەواخانە و سەموونخانەکان لەگەڵ دابینکردنی هەر فەردەیەک ئارد بۆیان بە نرخی ٣٠ هەزار دینار.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە دوای ناڕەزایی خاوەنی نانەواخانە و سەمونخانەکان سەبارەت بەو بڕیارەی کە پێویستە ١٠ نان و سەموون بکرێت بە هەزار دینار، چەند بڕیارێکیان لە بەرژەوەندی خاوەنی نانەواخانە و سەمونخانەکان داوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاریان داوە لەمەودوا نرخی لیترێک غاز بە رێژەی ٥٠٪ داشکاندنی بۆ بکرێت بۆ سەرجەم نانەواخانە و سەموونخانەکان.
ئەوەشی خستە روو، هەر فەردەیەک ئارد بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان بە نرخی ٣٠ هەزار دینار دابین دەکرێت و لەکاتی کڕینی یەک تۆن ئارد فەردەیەک ئاردیان بە خۆڕایی پێ دەدرێت.
باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا لە سەرجەم نانەواخانە و سەموونخانەکانی شاری هەولێر نرخی ١٠ نان و سەمون بە هەزار دینارە و ئەگەر پابەندى ئەو بڕیارە نەبن رووبەڕووى ڕێکارى یاسایی دەبنەوە
