وەزارەتی پەیوەندییەکان بۆ باشترکردن و خێراکردنی ئینتەرنێت گرێبەستێکی نوێی واژۆکرد
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، لەپێناو باشتر کردنی ئاستی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، گرێبەستی نوێیان بەستووە بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری وای فای و پشتگیری بێ سنووری پڕۆژەکانی فایبەر ئۆپتیک دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، هیام یاسری وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، رێگەچارەی ستراتیژی و بنەڕەتییان گرتووەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت کە پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، گرێبەستی نوێیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وای فای بەستووە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی خێرایی ئینتەرنێت بۆ بەکارهێنەران.
ئەوەشی خستە روو، جگە لەو گرێبەستانە لەلایەن وەزارەتەوە پاڵپشتی پێشکەش بە پڕۆژەکانی فایبەر ئۆپتیک دەکرێت کە رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت.
باسی لەوەش کرد، رووبەری جوگرافیای ئەو پڕۆژانە فراوان دەکرێت کە بە تەنکنەلۆژیای FTTH کار دەکەن.
