پۆلیسی وزەی عێراق: بەقاچاخبردنی نەوت بەرێژەی ٩٨٪ کەمی کردووە
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وزەی عێراق رایگەیاند، تەنها لەم مانگەدا دەستیان گرتووە بەسەر ٣٧ بارهەڵگری بەقاجاخبردنی نەوت و ٦١ تۆمەتباریشیان دەستگیرکردووە. دەشڵێت، بە قاچاخ بردنی نەوت بەرێژەی ٩٨٪ کەمی کردووە.
زافر حوسێنی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی وزەی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی سوتەمەنی و پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها لەم مانگەدا دەستیان گرتووە بەسەر ٣٧ بارهەڵگری بە قاچاخبردنی نەوت لەگەڵ شەش کۆگا و بڕی ٩٧٢ هەزار و ٤٩٦ لیتر نەوت ، هاوکات، ٦١ تۆماتباریشیان بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی نەوت دەستگیرکردووە.
ئەوەشی خستە روو، لە ماوەی ساڵی رابردوودا توانیویانە دەست بگرن بەسەر ٧٢٩ تانکەر و بارهەڵگر و ١٠٩ کۆگای نەوت لەگەڵ بڕی ٣٢ ملیۆن و ٩٧٢ هەزار و ٤٩٦ لیتر نەوت، هەروەها ٩٥٣ تۆمەتباریان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی نەوت.
باسی لەوەش کرد، بە قاچاخبردنی نەوت بە رێژەی ٩٨٪ کەمی کردووە و هیچ سەرپێچییەک لە بۆڕیە نەوتەکاندا تۆمار نەکراوە.
