سودانى سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کەرتی نەوت دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەحەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی خولی کرد تایبەت بە بەدواداچوون و بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت و پلانە تایبەتەکانی وەزارەتەکە بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی کەرتی نەوت لە عێراق.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:لە کۆبوونەوەکە پێداچوونەوە بەو پلانانە کرا کە لەلایەن وەزارەتەوە دانراوە و ئەو پلانانەیش کە جێبەجێکراون خرانەڕوو، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە کەرتی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنەوە هەیە، هەروەها بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی و پلانەکانی گەیشتن بە سەربەخۆیی و دابینکردنی بەکارهێنانی نیشتمانی لە ماوەی ئەمساڵدا.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت تیشک دەخاتە سەر کەرتی نەوت، چونکە هێشتا بڕبڕەی پشتی ئابووری نیشتمانییە و خێراکردن لە پەرەپێدانی ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاستی نیشتمانی و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە بەرپرسانی حکومەت تیشک بخەنەسەر چۆنیەتی بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان، بە تایبەتی ئەوانەی کە خواستەکانی هاووڵاتیان بەدەست دەهێنێت لە ژیان و بارودۆخی ژیان و ئابووری.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بە دوایین پێشکەوتنەکانی هەوڵەکانی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ کرد، جگە لەو پلانانەی کە پەیوەستن بە پرۆژە نەوتییە یەکخراوەکانەوە و بەرواری ڕاگەیاندنی هاوپێچەکانی خولی پێنجەم و شەشەمی مۆڵەتپێدان.
