لیوا ره‌سوڵ له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردوی ئه‌مریكا:ئێمه وه‌ك كرده‌وه‌ی ده‌ستدرێژیكارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆردومانانه ده‌كه‌ین
لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی محه‌مه‌د شیاع سودانی فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق رایگه‌یاند، هێرشه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر بنكه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له جورف نه‌سڕ و قائیم زیان به سه‌رجه‌م رێكه‌وتنه ئه‌منیه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات ده‌گه‌یه‌نێت.
لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، له ئیراده‌یه‌كی ڕون بۆ زیانگه‌یاندن به ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق، ئه‌مریكا جارێكی دیكه هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر پێگه‌كانی یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی عێراق له سوپا و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كانی جورف نه‌سڕ و قائیم ئه‌نجامدا.
راشیگه‌یاندوه، "له‌كاتێكدا لێكتێگه‌یشتنه‌كان سه‌باره‌ت ڕۆڵ و ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ڕاوێژكاره‌كانیان هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییان ناوه له‌ڕوی ڕێكخستنه‌وه‌یان له ئاینده‌دا، به‌ڵام ئه‌م كرده‌وانه‌ی ئه‌نجامده‌درێن ده‌بنه مایه‌ی زیانگه‌یاندن به‌هه‌مو رێكه‌وتنه ئه‌منیه‌كان و بواره‌كانی هاوكاری ئه‌منی هاوبه‌ش".
لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ ده‌شڵێت، "ئه‌م كرده‌وه‌یه قبوڵنه‌كراوه، ساڵانێك هاوكاری نێوان هه‌ردو وڵات تێكده‌دات، به ئاشكرا سه‌روه‌ری عێراق پێشێل ده‌كات و ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنێكی نابه‌رپرسانه له كاتێكدا كه ناوچه‌كه ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست مه‌ترسی فراوانبونی ململانێ و كاردانه‌وه‌كانی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر غه‌ززه و لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی قڕكردنێك كه گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ڕوبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه، له كاتێكدا زلهێزه‌كان به ئه‌مریكاشه‌وه له به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانانه بێده‌نگ بون".
وته‌بێژه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی داوای له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردوه، به‌رپرسیارێتی خۆی له ئه‌ستۆ بگرێت بۆ پاڵپشتیكردنی ئاشتی و ئاسایش و ڕێگری له هه‌مو ئه‌و پێشێلكارییانه بكات كه هه‌ڕه‌شه له سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری عێراق ده‌كه‌ن و باسی له‌وه‌شكردوه، "ئێمه وه‌ك كرده‌وه‌ی ده‌ستدرێژیكارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆردومانانه ده‌كه‌ین و هه‌مو هه‌نگاوێك بۆ پاراستنی ژیانی عێراقیه‌كان و كه‌رامه‌تیان له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌مان وه‌ك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیمان ده‌گرینه‌به‌ر".
