هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت داوا دەکەن رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، دەستدرێژییەکانی سەر خاکی عێراق، کە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە دەکرێت رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت، گرنگە بەزوترین کات ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکبهێنرێت.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لایەنەکان کە لە کۆشکی حکومی ئەنجامدرا، دەستدرێژییەکانی سەر خاکی عێراق کە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە دەکرێت رەتدەکەنەوە، داواش دەکەن رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت و ئاسایشەکەی روبەروی مەترسی نەکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە پێناو دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵیان و کۆتایی هێنان بە ئەرکی تایبەت بە هاوکاریکردنی عیراق لە جەنگی دژ بە داعش.
ئەوەشخراوەتەڕو، لایەنەکان پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت دەکەن لە روی گەشەپێدان و چاکسازی ئابوری و پڕۆژە و پلانەکان لە هەمو کەرتەکان، بە شێوەیەک لە خزمەتی گەلی عێراقدا بێت، هەروەها پێویستە بە زوترین کات سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵببژێردرێت، بۆ ئەوەی پابەندبون بنەما دەستورییەکان بپارێزرێت.
باسی لەوەشکرد، بە گرنگی دەزانن بە زوترین کات ئەنجومەنی پارێزگاکان پێکبهێنرێن و پارێزگاریان بۆ هەڵبژێردرێت، لە پێناو گرەنتیکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان.
