بەرپرسێکی پێشووی پارێزگای کەرکوک سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی دیوانی پارێزگاری کەرکوک دەرکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک، سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر یەشار عەلی بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوونی پێشوو لەدیوانی پارێزگای کەرکوک سەپاندووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، گەندەڵیکردن و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی لە دیارترین ئەو تۆمەتانەن کە دراونەتە پاڵ بەڕێوەبەری پێشووی پلاندانان و بەدواداچوونی دیوانی پارێزگای کەرکوک.
ئەوەش خراوەتە روو، ئەو بەڕێوەبەرە لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکە رێککەوتوون بە خەرجکردنی بڕی ١٨٥ ملیۆن دینار بۆ کۆمپانیایەک بە مەبەستی ئامادەکردنی دیزاینی باڵەخانەی نوێی پارێزگای کەرکوک، بەڵام دیزاینەکە بۆ باڵەخانەکە دانەنراوە.
باس لەوەش کراوە، بۆ کۆمپانیایەکی دیکە هەمان بڕە پارەی بۆ خەرج کراوەتەوە، بەڵام دووبارە دیزاینەکە دانەنراوە و پارەکەی دیارنەماوە و نەزانراوە لە چیدا خەرج کراوە.
