راوێژکاری سەرۆک وەزیران : ڕەشنووسی هەمواركردنەوەی دەستوور لە قۆناغی یەكەمدایە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حەسەن یاسری ، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دەستووری، دووپاتیكردەوە كە ڕەشنووسی هەمواركردنەوەی دەستوور هێشتا لە قۆناغی یەكەمدایە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دەستووری، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە،`یاسری پێشوازی لە شاندێكی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد، كە بریتی بوون لە مانۆج ماتیو، سەرۆكی بەشی سیاسی لە میسیۆن و یاریدەدەرەكەی و شاندی یاوەری ئەوان .
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، "پرۆژەی حكومەت بۆ هەمواركردنەوەی دەستور كە بە یاسری سپێردراوە، گفتوگۆی لەسەر كراوە، یاسرییش لە بەرامبەردا شاندەكەی لەو نەخشەڕێگایەی كە لە ڕەشنووسی هەمواركردنەكەدا پەسەندكراوە ئاگاداركردووەتەوە .
یاسری بۆ شاندەكە ئاماژەی بەوەدا كە پڕۆژەكە هێشتا لە قۆناغی یەكەمدایە، كە سنووردارە بە ڕووپێوی ڕای لایەنە سیاسییەكان لەسەر هێڵە فراوانەكانی، بەبێ ئەوەی قووڵبێتەوە لە وردەكارییەكان .
لای خۆیەوە شاندی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانییەكی تەواوی بۆ پڕۆژەكە و بۆ هەموو ئەو شتانەی كە بەشدارن لە بنیاتنانی عێراق و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی دەستووری و بۆ كردەوەكانی حكومەت لەم بارەیەوە دەربڕی، بەڵێنیدا هەموو ئامرازە مومكینەكانی پشتیوانی پێشكەش بكات .
