دادگای دادی نێودەوڵەتی: پێویستە ئیسرائیل رێگری لە جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە بکات
دادگای دادی نێودەوڵەتی بڕیاریدا کە پێویستە ئیسرائیل رێگری لە جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە بکات و هاندەرەکانیش سزابدات، هەروەها گرێنتی دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بکات.
رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) جۆون دانەهیو، سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی رایگەیاند:" دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن و سزادانی هاندەرەکان بۆ جینۆسایدکردنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە بگرێتەبەر، 16 دەنگ بەرانبەر بە دەنگێک، پێویستە ئیسرائیل رێکاری دەستبەجێ و کاریگەر بۆ گەرەنتیکردنی دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستی مرۆیی بگرێتەبەر، تا دۆخی خراپی ژیانی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە چارەسەر بکات".
رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) لەدانیشتنێکی کراوەدا، دادگای دادی نێودەوڵەتی کە بارەگەکەی لە لاهای هۆڵندایە، بڕیاری خۆی سەبارەت بە سکاڵاکەی باشووری ئەفریقا دژی ئیسرائیل، لەبارەی تێوەگلانی لە جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەرکرد.
