سەرۆک کۆمار پێشوازی له نوێنەری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەکات
سەرۆک کۆمار، دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە جۆن نیکۆلا بۆز نوێنەری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، و وەفدی یاوەری بە ئامادەبونی ئیڤان فایق جابر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیەننامەیەکدا رایگەیاند:-لە دیدارەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی باشترکردنی هاریکارییەکانی نێوان عێراق و کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کرا بۆ پشتیوانیکردنی و بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ پەنابەران و ئاوارەکان و کەمکردنەوەی بارگرانییەکانیان، هاوکات سەرۆک جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە پەرۆشەوەیە بۆ هاریکاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ کۆمسیۆندا بۆ دەستەبەرکردنی چاودێرییەکی گونجاو بۆ ئەو توێژانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشە و ئاوارەبوونی زۆرەملێ بوونەتەوە.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی پشتیوانی کۆمسیۆن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ بڕیارەکەی حکومەتی عێراق سەبارەت بەداخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان و جەختیشی لە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە کە لە عێراق کاردەکەن سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی دۆسێی ئاوارەکان و کۆتاییهێنان بە بارودۆخی تراژیدییان کە چەندین ساڵی خایاند و هەنگاوی کرداری و دەستبەجێ بنرێت بۆ دۆزینەوەی کاتی پێویست بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان پاش دابینکردنی کەشێکی ئارامی وخزمەتگوزاری وبەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی هاوبەش لە نێوان هەمواندا .
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد کەعێراق ژمارەیەکی زۆری پەنابەر لە وڵاتەکەیدا میوانداری دەکات و جەختی لە تەواوی پەرۆشی کردەوە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانیان و ئاماژەی بە پێویستی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کرد بۆ چڕکردنەوەی سەردانەکانی بۆ زانینی بارودۆخی پەنابەران و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخەکە بۆ ئەوەی چاودێرییەکی باشتریان بۆ دابین بکرێت لە ئێستادا.
سەرۆک ڕەشید پابەندبوونی توندی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و پەرۆشی بۆ ڕێزگرتن لە هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە ڕاگەیاند، جەختی لەوەیش کردەوە کە پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسێی ئاوارەکان بە یەکجاری.
لای خۆیەوە نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵەکانی عێراق لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی پەنابەران و ئاوارە زۆرەملێیەکان و جەختی لەوە کردەوە کە کۆمسیۆن پشتیوانی لە بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسێیە و بەیەکجاری کۆتایی پێهێنانی.
