باشاک دەمیرتاش لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ کشایەوە
ئەحمەد تورک، کاندیدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ماردین دەڵێت: باشاک دەمیرتاش هەڵوێستێکی دروستی نیشانداوە.
باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش دوو هەفتە بەر لە ئێستا ڕایگەیاند، ئەگەر خەڵک بیەوێت و دەم پارتی (هەدەپە) ڕەزامەندی لەسەر بدات، دەتوانێت ببێتە کاندید بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ، بەڵام ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە نابێتە کاندید.
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دێرین لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ڕایگەیاند، هەڵوێستەکەی باشاک دەمیرتاش لە بەرژەوەندی پارتی دەم بووە.
گوتیشی: "پەیامێک درا کە لە ئەستەنبوڵ و لە هەموو شارەکانی تری تورکیا کاندیدی پارتی دەم هەبێت، منیش بڕوام وایە هەڵوێستەکەی باشاک دەمیرتاش تەنیا بۆ هەڵبژاردن نەبوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، "باشاک دەمیرتاش لە کۆتاییدا نیشانی داوە کە دەتوانێت خزمەت بە پارتەکەی بکات".
پەرلەمانتارانی پارتی دەم، مەهمەت ڕوشتوو تیریاکی و ساروهان ئۆلوچ سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یان لە زیندانی ئەدرنە کرد، دوای سەردانەکە، تیریاکی ڕایگەیاند کە سەلاحەدین دەمیرتاش پێی ڕاگەیاندوون کە باشاک دەمیرتاشی هاوسەری ڕایگەیاندووە کە دەتوانێت کاندیدی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ بێت بۆ ئەوەی پارتی دەم بەهێزتربێت.
