سەرۆك وەزیران: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەپێشینەی كارەكانی حکومەتە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، جەختیکردەوە: كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە پێشینەی كارەكانی حكومەتە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە سەرۆكی دەستەی نیشتمانی لوبنانی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دادوەر كلۆد كەرەم كرد.
سودانی لە میانی دیدارەكەدا رایگەیاند: حكومەتی عێراق شەڕی دژی گەندەڵی لە سەرووی ئەولەویەتەكانی خۆیەوە داناوە، و وتیشی: هاوكاری وڵاتانی برا و دۆست لەگەڵ عێراق لەسەر پرسی وەرگرتنەوەی پارەی دزراوەكان و كەسانی داواكراو پێوەرێكە بۆ سەركەوتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتانە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی داواكارییەكان بۆ هاوكاری یاسایی و ڕێكارەكانی ڕادەستكردنەوەی داواكراوان لە دۆسیەكانی گەندەڵی و وەرگرتنەوەی پارەی دزراوەكان و ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە تۆمەتبار و داواكراوان، هەروەها جەختكرایەوە، لەسەر گرنگی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و تەكنیكەكان كە كارایی كارمەندانی بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەردوو وڵاتدا زیاد دەكەن.
