سەرۆكی فەڕەنسا دەیەوێ بۆ واژووكردنی چەند یاداشتێك سەبارەت بە كاری راوێژكارە سەربازییە فەڕەنسییەكان سەردانی عێراق بكات
لە دیدارێكی مەحەممەد شەیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و پاتریك دوریل، باڵوێزی فەڕەنسا لە عێراق هاتە راگەیاندن كە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا دەیەوێ بۆ واژووكردنی چەند یاداشتێك و هەماهەنگی سەبارەت بە كاری راوێژكارە سەربازییە فەڕەنسییەكان لە نزیكترین هەل سەردانی عێراق بكات.
سودانی پێوەندییەكانی لەگەڵ فەڕەنسا بە زۆر باش وەسف كرد و ئاماژەی بۆ ژمارەیەك گرێبەستی گرنگی هاوبەشی ئابووری لە بوارەكانی نەوت و بەرگری كرد، كە بنەمایەكی گرنگن بۆ هاریكاریی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات.
لەو دیدارە سودانی دووپاتی لە هەڵوێستی عێراق بەرانبەر بە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر خاكەكەی كردەوە، جیا لە پەرەسەندن لە توانای هێزە عێراقییەكان و نەمانی هەڕەشەی پاشماوەی رێكخراوی داعش، دووپاتی لە خواستی عێراق بۆ گۆڕینی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بۆ پێوەندیی دووقۆڵی كردەوە.
