سەرۆك کۆمار پێشوازی لە ژمارەیەك لە بەشداربوانی شەشەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازی لە ژمارەیەك لە بەشداربوانی شەشەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد کرد، کە عەباس رازی عامری بەڕێوەبەری ئینستتیوتی عێراقی بۆ دیالۆگ-یش ئامادەبوو.
نوسينگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:-لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ شەممە 24-2-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، عێراق سورە لەسەر چەسپاندنی بناغەکانی دیالۆگی جددی و بنیاتنەر بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی، ئاماژەی بەوەشکرد پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بنەمای دیالۆگی پەسندکردووە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی پرس و دۆسییەکان. هەروەك عێراق رۆڵی هەرێمی گێڕاوە لە نزیککردنەوەی دیدگاکان لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
سەرۆك کۆمار باسی لەوەکرد، گۆڕانکاری و روداوە خێراکان، کە لە جیهاندا روودەدەن، وا دەخوازن بەهاکانی دیالۆگ و پەیوەندی و هاوبەشی بەهێزبکرێن، کە بنەماکانی پێکەوەژیان دەچەسپێنن و دەرفەتی ئاشتی لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پتەودەکەن.
هەروەها ئاماژەی بەو هەلومەرجەدا، کە عێراق پێیداتێپەڕی، لەوانە جەنگ و ئابڵوقە و توندوتیژی و تیرۆر و کاریگەرییان لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری. جەختی لەوەشکردەوە، کە حکومەت بەرنامەیەکی داڕشتوە و کاری لەپێشینەی بریتییە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی ئاستی بژێوی هاووڵاتیان، سەرەڕای پشتگیریکردن لە کەرتی تایبەت، هاندانی وەبەرهێنان و ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە بایەخی رۆڵی ناوەندەکانی دیالۆگ و لێکۆڵینەوە کرد لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردان و خستنەڕووی بژاردەکان لەڕێی شیکردنەوەی روداوەکانی ئێستا و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی و پێشبینیکردنی داهاتوو بۆئەوەی یارمەتی بڕیاردەر بدەن، کە بڕیاری دروست بدات.
هەروەها بەڕێزیان ئەو هەوڵانەی بەرزنرخاند، کە بۆ سازکردنی شەشەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد دراون و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە. ئاماژەی بەوەشدا، سازکردنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دەبنەهۆی دەوڵەمەندکردنی ئەو دید و بیرۆکە و بۆچونانەی بەشداردەبن لە بەهێزکردنی بناغەکانی سەقامگیری و پەرەپێدانی دۆخی ئابوری و باشتر دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان.
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە رێنماییەکانی سەرۆك کۆمار و گرنگیپێدان و پەرۆشی بۆ ئامادەبونی لە کردنەوەی کۆنفرانسەکە و پێشکەشکردنی وتەکەی، بەرزنرخاند، کە لەلای ئامادەبوانی کۆنفرانس جێی بایەخ بووە. دوپاتیشیانکردەوە، سەقامگیریی عێراق و بەهێزکردنی رۆڵی لە دیالۆگی ناوچەییدا، دەتوانێت بەشداری بکات لە بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
