سەرۆک وەزیران دەستپێکردنەوەی كاركردن لە شاری نیشتەجێبوونی بەسمایە ڕادەگەیەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، سەرپەرشتی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی کرد لە نێوان دەستەی وەبەرهێنان و کۆمپانیای هانوای کۆریا بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە شاری نیشتەجێبوونی بەسمایە، ئەمەش لە میانەی سەردانەکەیدا بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ شارەکە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە سەردانەکە دیدارێک ئەنجامدرا لەگەڵ کۆمەڵێک لە دانیشتوانی شاری بەسمایە، و گوێی لە تێبینییەکانیان گرت سەبارەت بەو خزمەتگوزارییەکان و فەرمانی کرد بەدواداچوونیان بۆ بکەن، هەروەها بەڕێزیان ژمارەیەک بۆندی فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێبوونی بەسەر کڕیارانی نوێدا دابەش کرد.
لە میانەی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا، سودانی جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکەی بۆ شاری بەسمایە لە چوارچێوەی جددیەتی حکومەتدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون بەگشتی و گرنگیدانی تایبەت بە ئەم پڕۆژە بەڵێنپێدراو و گرنگەی نیشتەجێبوون بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کە کۆمەڵگەکەمان بەدەستییەوە دەناڵێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجومەنی وەزیران لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا تەواوکردنی 30هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی پەسەند کرد لە بەسمایە و دەسەڵاتی دا بە دەستەی وەبەرهێنان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی داراییدا بۆ تەواوکردنی 70 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە.
سەرۆک وەزیران واژۆ کردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان بە هەنگاوێکی گرنگ و پەیامێک وەسف کرد کە جددیەتی هەردوو لایەن دەردەبڕێت بۆ دەستپێکردنەوەی کار و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و جەختیشی کردەوە لەسەر پابەندبوونی حکومەت بۆ پشتیوانیکردنی هەموو هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کە تاکە پڕۆژەیە خەڵکی خاوەن داهاتی مامناوەند دەکاتە ئامانج.
هەروەها سودانی پێزانینی خۆی بۆ کۆمپانیای هانوای کۆری دەربڕی، کە لە ماوەی ساڵانی توندوتیژی و ناسەقامگیریدا لە عێراق کاری کردووە، ئەمەش داوامان لێدەکات پشتیوانی لێ بکەین بۆ تێپەڕاندنی هەموو بەربەستەکانی بەردەمی و ئاماژەی بە ئەگەری ئەوە کرد کە کۆمپانیاکە بەشدار بێت لە پڕۆژەکانی دیکە بە هۆی ئەو ڕەزامەندییە لە توانا و جددییەی لە کارەکردن.
