دەستەی دەستپاکی:سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەرێکی گشتی پێشوی وەزارەتی پیشەسازی عێراق دەرچوە
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەرێکی گشتی پێشوی وەزارەتی پیشەسازی عێراق دەرچوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردۆتەوە، سزای حەوت ساڵ زیندانی نائامادەیی بۆ (عەلی شافی ئەسعەد)، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پیشەسازی دەرکراوە، بەهۆی زیان گەیاندن بە سامانی گشتی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو سزایەی بۆ ناوبراو دەرچو لەئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی پرۆژەیەک بوە کە بوەتە هۆی بەهەدەردانی (304) ملیۆن و (500) هەزار دینار.
دەستەکە راشیگەیاندوە، تۆمەتبارەکە بە مەبەست کارەکانی نۆژەنکردنەوەیەکی پرۆژەیەکی تەواو نەکردوە و پارەی پرۆژەکەش بە هەدەر دراوە.
رونیشیکردوەتەوە، دادگا بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادان سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی نائامادەیی بۆ تۆمەتبار دەکردوە، لەگەڵ داوای قەربوکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکەکانی.
