سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی سەرهەڵدانی ڕاپەرین پەیامێکی بڵاوکردەوە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی سەرهەڵدانی ڕاپەرین پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی راپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کورد و جوامێری و ئازایەتیی ئێوە دەکەینەوە، یادی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە گڕیان لە شەوەزەنگ بەردا و مژدەی داهاتوویەکی رووناکتریان بە کوردستان بەخشی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت ئێوە چ مێژوویەکی پڕ لە شانازی و درەوشاوەتان تۆمارکردووە و چەند رۆڵەی قارەمانتان بەم خاکە بەخشیوە، لە یادمانە چەند ئازارتان چەشت و لە چ دەربەدەرییەکدا ژیان، بۆ ئەمەش یەکێتی هەمیشە قەرزاری ئێوە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکانمانە.
دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەهیدەکانمانی لەپێناو رژا، وەکخۆی نەهاتنەدی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش هیوامان بۆ خواستبوو. بەڵام وەکچۆن لەماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات.
