سەرۆک کۆمار داوای کرد بەزوترین کات سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە"لە تیف جەمال ڕەشید"سەرۆک کۆمار،داوای لە هێزە سیاسییەکان و کوتلە پەرلەمانییەکان کرد، بەزوترین کات سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێرن.
سەرۆک کۆمار لە میانەی ئاهەنگێکی فەرمیدا بە بۆنەی سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانەوە ووتی:- عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە دەستوورێکی هەیە،لە ڕووی پرەنسیپ و ماف و ئازادییەکانەوە پێشکەوتووترین و دیموکراسیترینە.
سەرۆک کۆمار ووتیشی : عێراق سەردەمی ڕژێمی تۆتالیتاری کۆتایی پێهێنا،دوای ئەوەی گەل لەزیاتر لە ڕاپەڕینێکدا زوڵمی دیکتاتۆری ڕەتکردەوە،کە ڕووبەڕووی سەرکوت و قڕکردن بووەوە تا خاکی عێراق پڕ بوو لە تەرمی شەهیدان، کە لە ئەنجامدا سیستەمێکی دیموکراسی لە دەستووری ساڵی 2005دا بەرجەستە بووە.
سەرۆک کۆمار جەختیشی لەوەکردەوە:-کە پێویستە وەک سەرکردە سیاسییەکان و بڕیاردەرەکان،دروستکردنی ئەو دامەزراوانە تەواو بکەین کە لە دەستووردا هاتووە، دیارترینیان ئەنجوومەنی فیدراڵی، بۆ ئەوەی ئەزموونە دیموکراسییەکەمان سەرکەوتوو بێت،هەروەک داوای لە هێزە سیاسییەکان و ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم پەلەبکەن لە خێراکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ تەواوکردنی یاساکان و دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە خزمەتی میللەت و هاوڵاتی دەکات.
