تورکمانەکان له پەرلەمانی عێراق کوتلەیەك پێکدەهێنن
بەشێك لە پەرلەمانتارە تورکمانەکان لە وەڵامی داخوازییە جەماوەرییەکانیان لە نەینەوا، سەڵاحەددین، کەرکووك و دیالە، بڕیاریاندا کوتلەیەک لە پەرلەمانی عێراق لەژێر ناوی "کوتلەی چوارچێوەی تورکمانی" پێکبهێنن.
بەشێک لە پەرلەمانتارە تورکمانەکان لە میانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا، لەسەر بنەمای پرەنسیپی هەڵسەنگاندنی ئەدای سیاسی تورکمان، بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی تورکمان و لە وەڵامی داخوازییەکانی گەل و جەماوەر لە سەرتاسەری ناوچەکانان لە نەینەوا، سەڵاحەدین، کەرکووک و دیالە، بڕیاردا بە راگەیاندنی کوتەلەیەک لە پەرلەمانی عێراق لەژێر ناوی "کوتلەی چوارچێوەی تورکمانی".
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، مەبەست لە پێکهێنانی ئەم کوتلەیە داکۆکیکردنە لە مافە دەستووریی و رەوایەکانی گەلەکەیان، هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن، لەگەڵ راگەیاندنی ئەم کوتلەیە بەڵێن بە جەماوەر دەدەن کە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن و بەدیهێنانی مافە رەواکانی تورکمانەکان.
کوتلەی چوارچێوەی تورکمانی، جەخت لەوەش دەکەنەوە، لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئاستی سیاسی تورکمان، رۆڵ و کاریگەری لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا لەژێر ئەو ناوە نوێیە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن.
