وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران یادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە دەکاتەوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەى ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەوە دەڵێت: "کارەساتی هەڵەبجە، دیمەنێکی تاڵی پێوەرەکانی وڵاتانی رۆژئاوایە لەبواری مافەکانی مرۆڤدا".
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: "لەم رۆژەدا لە چەند چرکەیەکدا بڕیار لەسەر چارەنووسی شارێک درا و زیاتر لە 10 هەزار کەس گیانیانلەدەستدا و دەیان هەزار کەس بەهۆی هەڵمژینی گازی قەدەغەکراوی ژەهراوییەوە برینداربوون".
کەنعانی دەڵێت، "هەرگیز رۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەمان لەیاد ناچێت، کە تیایدا خەڵکی هەڵەبجە و شارە هاوسنوورەکانی ئێران بوونە قوربانیی ئەو جۆرە چەکە و پێشوازیمان لە ڕزگاربووان و بریندارەکانی ئەو کارەساتە مێژووییە کرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە، یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە زیاتر ئازاربەخش دەبێت کاتێک ئەوەمان بیردێتەوە کە رژێمی بەعسی عێراق توانی بە هاوکاریی هەندێک لە وڵاتی ئەوروپا، چەکی کیمیایی و گازی کۆمەڵکوژ بەرهەمبهێنێت، ئەگەرچی قەدەغەبوو ئەو جۆرە چەکە نامرۆڤانەیە بەکاربهێنرێت، هەروەها چەندینجار لە دژی سوپای ئێران و پاشان بۆ سزادانی خەڵک لە باکووری رۆژهەڵاتی عێراق بەکارهێنرا.
ناسر کەنعانی وتیشی: "ئەوەی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەردەشتی زیاتر ئازاربەخشکرد، هەڵوێستی ترسنۆکانە و گوماناوییانەی هەندێک وڵاتانی رۆژئاوابوو کە پشتیوانیی رژێمی سەدامیان دەکرد بۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە".
