سەرۆک وەزیران پێشوازی دەکات لە وەزیری ئابووری ئازەربایجان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانى، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی کرد لە وەزیری ئابووری کۆماری ئازەربایجان بەڕێز میکایل جەبارۆڤ و شاندەکەی یاوەری.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە
لە میانەی دیدارەکەدا، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات خرانەڕوو لەگەڵ چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لە بوار و سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری و بازرگانی و ڕۆشنبیری.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە سەردانە هاوبەشەکانی بەرپرسانی هەردوو وڵات جەخت لەسەر خواستی عێراق و ئازەربایجان دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ئاماژەی بە چەندین خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کرد، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی دەرفەتی زیاتر بۆ هەماهەنگییەکی بەرهەمدار.
سەرۆک وەزیران جەختی لە خواستی عێراق کردەوە بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی ئازەربایجان لە پڕۆژەکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە، بەتایبەتی لە بواری وزە و پتەوکردنی هەماهەنگی کەرتی تایبەت لە هەردوو وڵاتدا و ئاماژەی بە دەرفەتی گرنگی وەبەرهێنان کرد لە کەرتی پیشەسازی نەوت لە عێراق و پڕۆژەکانی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی کە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و باشترکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە.
لە لای خۆیەوە، وەزیری میوان سڵاوی سەرۆکی کۆماری ئازەربایجان بەڕێز ئیلهام عەلیێڤ-ی گەیاندە بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بانگهێشتنامەیەکی فەرمی پێشکەش کرد بۆ سەردانی کردنی ئازەربایجان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەییەکی هاوبەش و جەختی لە خواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری و ئامادەیی دەربڕی بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و بەردەوامبوونی هەماهەنگی دوو قۆڵی لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئازەربایجانەوە.
