شازدە بەندکراوی سوری لە یەکێک لە زیندانەکانی باکووری سوریاوە گواسترانەوە بۆ ناو خاكی توركیا
دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی تورکیا 16 دەستگیرکراوی سورییان لە یەکێک لە زیندانەکانی باکووری سوریاوە گواستەوە بۆ ناو خاكی توركیا، ئەوەش هەشتەم گواستنەوەی زیندانیانە لەماوەی ئەم مانگەدا، بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوە گواستراوەكان گەیشتووەتە 68 كەس لەم مانگە.
سەرچاوەیەكی کارگێڕی لە «شورتەی عەسكەریی» دڵسۆز بۆ تورکیا کە بەرپرسە لە زیندانی ئەلڕاعی، بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی زیندانی ئەلڕاعی لە باکووری حەلەب، پاشنیوەڕۆی دوێنێ 16 دەستگیرکراویان گواستووەتەوە ناو خاكی توركیا لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلسەلامەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، گواستنەوەکە دوای پێنج مانگ لە دەستگیرکردنیان بووە بە تۆمەتی (هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا)، هەروەها دەستگیركراوەكان ئەشكەنجە دراون، بەهۆیەوە باری تەندرووستی هەندێكیان بەرەو خراپتر چووە.
