مونا قەهوەچی: یەکێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسی پێکهاتەکانی نەکردوە
مونا قەهوەچی رایگەیاند، ئەو لایەنەی لەبارەی کورسی کۆتاکانەوە لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایکردبو، داوای هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکانی نەکردبو، بەڵکو داوای کردوە ئەو کورسیانە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا دابەش بکرێن، بەڵام دادگای فیدڕاڵی بە نادەستوری ناساندنی، بەو شێوەیەش دادگاکە پێشێلی ئەو یاسایەی لە دادگەریدا چەسپاوە کە بریتییە لەوەی " سکاڵا لە چوارچێوەى داواکارییەکانیدا سنوردارە ".
مونا قەهوەچی سکرتێری خولی پێشوەی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکد بڵاویکردەوە، نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی کوردستان، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵی و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتوە، هەروەها ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی 49 و 125ی دەستور.
مونا قەهوەچی ئاماژەی بەوەشکردوە، پابەند نەبونى دادگەى فیدڕاڵی باڵا بە عەریزەى دەعواى داواكار، بەجۆرێك داواكارى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو، داواى هەڵوەشاندنەوەى یازدە كورسییەكەى (كورسییەكانى كۆتا)ى نەكردوە، بەڵكو داواى دوبارە دابەشكردنەوەى كورسییەكانى پەرلەمانى كوردستانى كردوە بەسەر پارێزگەكانى هەرێم بەگوێرەى پێوەرى ژمارەى دانیشتوان.
ئەوەشی خستوەتەڕو، بەڵام دادگاى فیدڕاڵی بڕیاریدا، بە نادەستوریی بونى دەستەواژەى (یازدە) لە ماددەى یەكەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستانى هەمواركراو، ئەمەش لە سکاڵای داواکاردا داوا نەکرابو.
مونا قەهوەچی باسی لەوەشکردوە، بەم پێیەش ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دەبێتە پێشێلكردنێكى ڕونى ئەو بنەمایەى لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت، سکاڵا لە چوارچێوەى داواکارییەکانیدا سنوردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەى داواكار داواى دەکات.
