ئەنجوومەنى راژەى عێراق هەلیکارى راگەیاند و هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە
رۆژی شەممە، ئەنجوومەنى راژەى فیدراڵى، سى و یەک هەزار و 418 هەلیکارى راگەیاند، ئەوانەى دەتوانن فۆرم پڕ بکەنەوە، یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانن.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رۆژی شەممە 23ی ئازار، مەحمود تەمیمى، سەرۆکى ئەنجوومەنى راژەى فیدەراڵى رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمی کوردستان دەتوانن فۆرمەکە پڕبکەنەوە.
سەرۆکى ئەنجوومەنى راژەى فیدەراڵى راشیگەیاند "سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە، لەماوەى رابردوودا، ئەنجومەنى راژە و وەزارەتى دارایی و وەزارەتى خوێندنى باڵا پێکەوە کاریان لەسەر پرۆسەکە کرد، فۆرمەکە ئامادەکراوە و لەمڕۆ شەممەوە بۆ ماوەى 21 رۆژ بەردەستدەبێت.
هەرێمى کوردستان ئەنجوومەنى راژەى خۆى هەیە، ئەم هەلیکارانەى راگەیەندراون، تەنیا بۆ وەزارەتە فیدراڵیەکانە و دەرچووانى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە.
