سودانی هۆشدارییەک بە سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکان دەدات
سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکان ئاگادار دەکاتەوە "خۆیان بە دوور بگرن" لە بڵاوکردنەوەی چالاکی و ئەرکە سەربازییەکانیان و دەڵێت "ئەوە بەشێکە لە ئەرکەکانیان نەک دەسکەوتی کەسی".
رۆژی شەممە، 23ی ئازاری 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق کردووە و هۆشداری پێداون کە "خۆیان بەدوور بگرن" لە دەرکەوتنی میدیایی و رەچاوی پاراستنی زانیاری و بەڵگەنامەکانی دەوڵەت بکەن و نەبنە هۆکاری دزەپێکردنیان و لەکەدارکردنی ناوی هێزە چەکدارەکان.
جگە لەوەش، سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکان ئاگادار دەکاتەوە، کار و چالاکیی رۆژانەیان ئەرکە نەک دەستکەوتی تاکە کەسی، راشیدەگەیەنێت "بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، چاودێری سەرجەم ئەو سەرکردانە و فەرمانگەکان دەکەن و هەرکەسێک ببێتەهۆی دزەپێکردنی زانیاری یان ناوزڕاندنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
