سەرۆک كۆمار لەگەڵ تەیف سامی جەختی لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد
د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆک كۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق جەختی لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی كردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.
لە دیدارەکەدا ژمارەیەك دۆسیەی ئابوری و دارایی تاوتوێ کران و سەرۆك کۆماری عێراق ئاماژەی بە "گرنگی گرتنەبەری پلانی ستراتیژی مۆدێرن کرد، کە ئاستی ئابوریی عێراق گەشەپێبدات و کار بۆ دەستەبەرکردنی لایەنی دارایی حکومەت و هاووڵاتیان بکات".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.
