سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەفدی ئەنجومەنی دامەزرێنەری سەندیکای پرۆگرامسازان دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە وەفدی ئەنجومەنی دامەزرێنەری سەندیکای پرۆگرامسازان بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەعید عەبدولکەریم غەزبان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە دیدارێکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی رۆڵی پرۆگرامسازان لە پەرەپێدانی کاری حکومەتی ئەلیکترۆنی و پەرەپێدانی پرۆگرامسازی بۆئەوەی هاوتەریب بن لەگەڵ پێشهاتە خێراکانی جیهان بەتایبەتی لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و بەرنامەسازیدا، ئاماژەیکرد بە رۆڵی سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی-یش لە پشتیوانیکردنیان لە کاروبارەکانی حکومەت و جێبەجێکردنی پلانەکانی لە رێگەی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ کاری ئەندامانی.
سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی پشتیوانی و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە توێژی خوێندکاران و خاوەن پسپۆڕیی زانستی و هزری، هەروەها دەستەبەرکردنی چاودێری و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بەتایبەتی لە مەسەلەی رێکخستنی کاروبارەکان و رێوشوێنە کارگێڕییەکان.
لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە پێزانینی خۆیان بۆ بایەخپێدانی بەڕێز سەرۆك کۆمار بە پەرەپێدان و بەهێزکردنی لایەنی زانستی و ئەکادیمی دەربڕی، هەروەها رونکردنەوەیان لەبارەی ئەنجومەنی دامەزرێنەری سەندیکای پرۆگرامسازان خستەڕو.
هەروەك ئەندامانی وەفدەکە ئومێدیان خواست پاڵپشتی بکرێن بۆئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پرۆژەیاسای دامەزراندنی سەندیکاکەیان پەسند بکرێت.
