هادی عامری :جەختدەکەینەوە لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی سەرۆک وەزیران لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت
هادی عامری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر ،جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی سەرۆک وەزیران لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدان و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە هەمان کاتدا جەختی لە پێویستی بەهێزکردن و پێکەوەژیانی هێزە نیشتمانییەکان و بەردەوامبوونی پرۆژەی بنیاتنانی دەوڵەت کردەوە.
عامری لە وتارەکەیدا لە میانەی ئاهەنگی ڕێکخراوی بەدر بەبۆنەی چل و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی رایگەیاند " فەتوای شەهید محەمەد باقر سەدر لەسەر پێویستی جیهاد دژی ڕژێمی بەعس پەیامێک بوو بۆ گەنجانی باوەڕدار کە دەبێت بەو ئاراستەیەدا بڕۆن بۆ ڕزگارکردنی عێراقییەکان لە نادادپەروەری و ستەمکاری"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "عێراقییەکانی شەڕکەری دژی بەعس هەزاران شەهیدیان دا."
وتیشی، "کوڕەکانی بەدر پەیامێکیان دروستکردووە کە گەنجان بە دەستێک قورئانیان هەڵگرتووە و بەدەستەکەی تر چەکیان لە بەرامبەر بەعسدا هەڵگرتووە"، ئاماژەشی بەوەدا کە "پیاوەکانی بەدر بەشدارییان کردووە لە بنیاتنانی حاڵەتە جیهادییەکان لە وەڵامی فەتواکەی شەهید سەدردا."
وتیشی: "ڕێکخراوی بەدر لە بەرنامەی بەرخۆدان و نیشتمانپەروەری و سیاسییە گشتگیرەکەیدا ڕوون بوو،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئاڵنگارییەکی گەورە هەیە کە ڕووبەڕووی بنیاتنانی دەوڵەت دەبنەوە دوای بیست ساڵ لە ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەت."
جەختیشی کردەوە لە "بەهێزکردن و پێکەوەژیانی هێزە نیشتمانییەکان و بەردەوامبوونی پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی عەقڵانی کە بتوانێت خواستەکانی گەلی عێراق بەژیانێکی شکۆمەند بەدی بهێنێت"، ئاماژەشی بەوەدا کە "ئێمە پشتیوانی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکەین کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەل دەکات لەپێناو پشتیوانیکردنی سەقامگیری دەوڵەت لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، ئەمەش دەبێت ئەولەویەتی سەرەکی بێت بەهاوتەریبی لەگەڵ چەسپاندنی پەیوەندی لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵا وگوێڕایەڵیکردنی رۆڵی باوکایەتی
جەختیشی کردەوە لە گرنگی پشتیوانیکردنی سەرۆک وەزیران لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت وبەرنامە پێویستەکان بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەل و دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنجان لە ڕێگەی چالاککردنی کەرتی تایبەت و زیندووکردنەوەی وەبەرهێنان، جەختیشی کردەوە لە پێویستی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ باشترکردنی سەقامگیری ئەمنی دڵنیاکەرەوەی ئێستا کە دەبێت بەردەوام بێت.
