سەرۆك کۆمار جەخت لە پێویستی رەچاوکردن و بەدواداچون بۆ تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان لە پسپۆڕییەکانی ئەندازیاریدا دەکاتەوە
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە زولفەقار حۆشی ئەلمەکسوسی نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی عێراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەندیکا.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 2-4-2024 بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، سەقامگیریی ئاسایش لە شارەکان و پارێزگاکان کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر هەنگاونان بەرەوپێشەوە لە پرۆسەی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری. ئاماژەی بەوەشکرد، پلاندانانی دیراسەکراو و هەوڵەکانی بونیادنان و جێبەجێکردن، دوو پایەن بۆ بنیاتنان و پێشکەوتنی وڵاتان و گەلان.
سەرۆك کۆمار جەختی لەسەر پێویستی رەچاوکردن و بەدواداچون بۆ تایبەتمەندیی تەکنیکی لەسەرجەم پسپۆڕییەکانی ئەندازیاری و جێبەجێکردنی تایبەتمەندیی ئەندازیاری و لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمەکان، کردەوە. ئاماژەی بە بایەخی رەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و بەکارهێنانی کەرەستەی بیناسازی کوالیتی بەرزیش کرد لەپێناو زامنکردنی سەلامەتیی نیشتەجێبوان و دانیشتوان، سەرەڕای گرنگی بوونی تیمی تایبەت بۆ بەردەوام دڵنیابونەوە لە بونی مەرجەکانی سەلامەتی.
هەروەها سەرۆك کۆمار رۆڵی ئەندازیارانی عێراق و هەوڵەکانیانی بەرزنرخاند لە بەجێگەیاندنی رۆڵ و ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی کەرتی ئەندازیاری لە عێراق و ئەو دەستکەوت و کار و بەخشینانەی لەلایەن سەندیکای ئەندازیارانەوە ئەنجامدراون، کە بەشداربون لە گەشەپێدانی پرۆسەی پەرەپێدانی هەمەلایەنە لە وڵاتدا، هەروەك ئاماژەی بۆ گرنگی گرتنەبەری پێشکەوتنی پیشەیی دروست کرد بۆ دەرچووانی کۆلێژەکانی ئەندازیاری لە کاتی دامەزراندنیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
سەرۆک کۆمار هانی سەرۆك و ئەندامانی سەندیکای دا، کە گرنگی بە پرۆگرامەکانی راهێنان و ئەنجامدانی سیمینار و کردنەوەی پێشانگا بدەن، جگە لە کردنەوەی بوارەکانی هاریکاری بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەپێناو پەرەپێدانی کاری ئەندازیاری و هەنگاونان لەگەڵ کاروانی گەشەپێدان و پێشکەوتن، کە عێراق لە ئاستە جیاجیاکاندا بەخۆیەوەدەبینێت، بەشێوەیەک کە بەشداربێت لە پێشکەوتنی کەرتی ئەندازیاری و پەرەپێدانی تواناکانی ئەندازیارانی عێراق، لەمبارەیەشەوە ئامادەیی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ پێشکەشکردنی پشتگیری و پاڵپشتی بۆ سەندیکای ئەندازیاران راگەیاند لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی روبەڕوی کارەکانی دەبێتەوە.
لەلایەن خۆیانەوە نەقیب و ئەندامانی سەندیکای ئەندازیارانی عێراق باسیان لە بەڕێوەچونی کارەکانی سەندیکا و پلانەکانی بۆ بونیادنان و گەشەکردنی وڵات کرد و جەختیانکردەوە، کە هەموو توانایەکیان تەرخاندەکەن بۆ هاریکاری تەواو لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت لەڕێگەی بەشداریکردن لە پلان و پڕۆژەکانی گەشەپێدان و پێشکەشکردنی راوێژی ئەندازیاری و خولی راهێنان بۆ ئەندازیاران لەپێناو بەدیهێنانی گەشەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا.
