تۆڕێکی نێودەوڵەتی بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکران
تۆڕێکی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکران، سێ کەسی بیانیان تێدابوە و خاکی وڵاتەکەیان وەک رێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکارهێناوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری توانیویانە تۆڕێکی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن کە خاکی عێراقیان وەک رێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەکارهێناوە.
ئەوەش هاتوە، ئەو تۆڕەی دەستگیرکراون سێ کەسییان خاوەنی رەگەزنامەی بیانین، پەیوەستن بە تۆرێکی نێودەوڵەتی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەڵێت: ئەندامانی تۆڕەکە لەژێر ناوی کۆمپانیایەک کاریانکردوە بۆ گواستنەوەی کاڵا بۆ عێراق لە عێراقیشەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ.
بەپێی راگەیەنراوەکەی شانەی ئەمنی عێراق، ئەندامانی ئەو تۆڕە دوای ئەوەی بارێکی گەورەیان لە حەبی کەپتاگۆن لەگەڵ کەرەستەی خاودا شاردبۆە و ئامادەکارییان دەکرد بۆ گواستنەوەی ئەو ماددەیە بۆ وڵاتانی دراوسێ، دەستگیرکراون و دەستیشگیرا بەسەسەر ئەو ماددانە و تۆمەتبارەکانیش رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون.
