کوردستان..پێدانی ڤیزا بەهاوڵاتیانی سووری راگیرا
بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی ڤیزا بە بە هاووڵاتییانی سووری راگیرا، هەروەها ئەو گەشتیارانە و ئەوانەشی ڤیزایان هەیە پێش رێککەوتی 29ـی ئاداری ئەمساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ناتوانن ڤیزاکەیان بیگۆڕن بۆ نشینگە.
لە نووسراوێکدا کە وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی ڤیزا ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستانی کردووە هاتووە، بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بە راگرتنی پێدانی ڤیزا بە هەڵگرانی پاسپۆڕت و تراڤڵ دیکۆمێنتی سووری لە 29ـی ئادارەوە، جگە لەوانەی هەڵگری نشینگەی وڵاتانی ئەمەریکا، کەنەدا و ئەوروپان تەنیا بە مەبەستی سەردان دەتوانن بۆ ماوەی 30 رۆژ ڤیزای کوردستان وەربگرن.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئەو گەشتیارانە و ئەوانەشی ڤیزایان هەیە پێش رێککەوتی سەرەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ناتوانن ڤیزاکانیان بگۆڕن بۆ نشینگە و بەر لە تەواوبوونی ماوەکەیان دەبێت خاکی هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن.
