سودانی: پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەرەڕای ئاڵەنگارییەکان بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە
ڕۆژی پێنجشەممە (11ـی نیسانی 2024)، مەحەممەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری فۆرن ئەفێرس ڕایگەیاند، لە دوو دەیەی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییانەی لەبەردەمیدا بووە بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
دەشڵێت: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ستراتیژی هەردوو وڵاتەکە بنیادنراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، عێراق و ئەمەریکا پێکەوە شەڕی تیرۆریان کردووە و پێکەوە کاردەکەن بۆ دووبارە بنیادنانەوە سوپای عێراق و ئەمڕۆ عێراق پێویستی بە پارێزگاری هاوبەشەکانی هەیە تاوەکو بچێتە قۆناغێکی ستراتیجی ترەوە.
لەبارەی پرسی ئابوورییەوە، سودانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەکەی چاکسازی ئابووری و دارایی و هەمەچەشنکردنی داهاتی عێراق و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە نەوتە.
شایەنی باسە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
