سەرۆك کۆمار پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی ئوردن دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەشر خەساونە سەرۆك وەزیرانی ئوردن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە :-لە میانی دیدارەکەدا، لە شوێنی مانەوەی لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچو، پرس و پێشهاتە ناوچەیی و عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان تاووتوێ کران، لە دیارترینیان پەرەسەندنە بەردەوامەکان لە کەرتی غەززە و دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆسەر فەڵەستینییەکان، لەوبارەیەوە سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو وەستاندنی پەلامارەکان بۆسەر گەلی فەڵەستین و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە ئازار و نەهامەتیەکانیان، هەروەها گەیاندنی هاوکارییەکان پێیان، جگەلەوەی پێویستە مافی چارەی خۆنوسینیان پێ بدرێت لە دامەزراندنی دەوڵەتێك، کە پایتەختەکەی قودسی شەریف بێت.
هاوکات سەرۆك کۆمار پێویستی پشتیوانی شانشینی هاشمیی ئوردن و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەم دۆخە سەختەدا بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، دوپاتکردەوە.
سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە سەرکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا و ستایشی ئاستی ئەو هاریکارییەی کرد، کە ئوردن پێشکەشیکردوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و فراوانکردنی تا پەیوەندیی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و تەندروستی و ژینگە و وزە بگرێتەوە، بەشێوەیەك کە خزمەت بە خواست و بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە مێژوویی و هاوبەشەکانی نێوان هەردوو گەلی عێراق و ئوردن کرا و سەرۆك کۆمار ستایشی هاوئاهەنگی و هاریکاریی دووقۆڵیی کرد سەبارەت بە مەسەلە جۆراوجۆرەکانی سەر گۆڕەپانی عەرەبی و ناوچەیی.
لە بەرامبەردا سەرۆك وەزیرانی ئوردن پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دوپاتکردەوە لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، ویستی شانشینی ئوردنیشی بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر و یەکگرتوو دوپاتکردەوە
