سەرۆک وەزیران جەخت لەگرنگی چاکسازییەکانی کەرتی بانکی دەکاتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتۆن پایتەختی ئەمەریکا پێشوازی کرد لە سەرۆکی بانکی جەی پی مۆرگان بەڕێز دانێل زێلیکۆ و شاندەکەی یاوەری.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێ هەوڵەکانی حکومەت کرا لە جێبەجێکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان، لە چوارچێوەی ئەو ڕێچکەیەی کە بەدوایدا دەگەڕێت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ئابووری و بەدیهێنانی گەشەپێدان، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر ڕێوشوێنەکانی حکومەت لە پەرەپێدانی کەرتی بانکی حکومی لە ڕێگەی گرێبەستەکردنەوە لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری جیهانی تایبەت بە چاکسازی بانکی و هاندانی بانکە تایبەتەکان بۆ کردنەوەی هەژمار لە بانکە بیانییەکان بۆ ئەوەی ببنە بانکێکی پەیامنێر، بەپێی پلانێک کە ئامانج لێی وازهێنانە لە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی لە کۆتایی ئەمساڵدا.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە ناتوانرێت لە هیچ کەرتێکی گەشەپێداندا کار بکرێت بەبێ هەنگاوی چاکسازی بۆ کەرتی بانکی و پێویستی بەردەوامبوونی وتوێژ لەگەڵ گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی فیدراڵی ئەمەریکا و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی دیکە.
لە لای خۆیەوە،زێلیکۆ ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد لە چالاککردن و پەرەپێدان و ئامادەکردنی بانکە حکومی و تایبەتەکان و ڕێوشوێنەکانی لە بواری پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ بانکە تایبەتەکانی عێراق و جەختیشی کردەوە لە پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی سندوقی عێراق بۆ پەرەپێدان و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی شارەزایی و هاوکاری لە بواری ڕاهێنان و هاریکاری و هاوبەشیدا.
