سەرۆکی ئۆکراینا داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات بەرگریی ئاسمانیی باشتر بۆ وڵاتەکەی دابین بکەن
سەرۆکی ئۆکراینا داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات بەرگریی ئاسمانیی باشتر بۆ ئۆکراینا دابین بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشێکی مووشەکیی رووسیا 18 کەسی لەو وڵاتە کوشت.
رۆژی پێنجشەممە، 18-04-2024، تیمە فریاگوزارییەکانی ئۆکراینا لە شاری چێرنیهیڤ لە باکووری وڵاتەکە، سەرقاڵی لادانی داروپەردووی ئەو هێرشەی رووسیا بوون کە رۆژێک لەمەوبەر بە سێ مووشەک کردییە سەر شارەکە.
تەندروستیی ئۆکراینا کوژرانی لانیکەم 18 کەسیان پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێن: "77 کەسیش کە چواریان منداڵن، بریندابوون."
ئۆلگا سامۆیلینکۆ، دانیشتوویەکی شاری چێرنیهیڤی ئۆکراینایە، ئۆلگا بەهۆی مەترسیی هێرشەوە لەگەڵ چەند خێزانێکی دیکە لە شوقەیەک پەنادراون و گوتی، "هەموو دراوسێکانمان لێرەن. دوای تەقینەوەی یەکەم هاوارمان کرد خۆتان بچەمێننەوە. دواتر گوێمان لە دوو تەقینەوەی دیکە بوو، ئینجا رامانکردە گەراجەکە."
ئۆلێکساندر لۆماکۆ، پارێزگاری چێرنیهیڤ لە بڵاوکراوەیەکدا رووخانی زیاتر لە 10 باڵاخانە راگەیاند، "ئەمە جگە لە زیان گەیاندن بە چەندین ئۆتۆمبێل، دامەزراوەی پەروەردەیی و تەندروستی."
وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا دەڵێت: "یەکێک لە کوژراوەکان ژنە پۆلیسێکی تەمەن 25 ساڵە کە مۆڵەتیی نەخۆشیی وەرگرتبوو."
هەرێمی چێرنیگیڤ کە هاوسنووری بێلاڕووسە، لە سەرەتای جەنگی ئۆکراینادا لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکرا، بەڵام دوای دوو ساڵ، ئۆکراینا دووبارە دەستی بەسەردا گرتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا سەرکۆنەی رووسیای کرد و گوتی، "دەبێت [وڵاتانی] رۆژئاوا کاری زیاتر بکەن بۆ یارمەتیدانی بەرگریکردن لە ئاسمانی ئۆکراینا."
سەرۆکە ئۆکراینییەکە ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمە رووینەدەدا ئەگەر ئۆکراینا چەکی پێویستی بەرگریی ئاسمانی هەبوایە."
