وەزیری سەرچاوەئاوییەکان: حکومەت ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی لەگەڵ لایەنی تورکیا واژۆکرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان عۆن زیاب عبداللە جەختی لەوەکردەوەکە حکومەت ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی لەگەڵ تورکیا واژۆکردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند:- کە حکومەتی عێڕاقی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەشی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی ئاو لە هەردوو ڕووباری دیجلەوفوڕات و گۆڕینەوەی زانیاری لەبواری نوێکردنەوەی سیستەمی ئاودێری.
وتیشی لەمیانەی سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا ڕێککەوتنەکە واژۆکرا ، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو بەنیازپاکی ویەکسانی ڕەچاوکردنی پڕنسیپەکانی دراوسێتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و پتەوکردنی ژێرخانی سەرچاوە ئاوییەکان.
ئاماژەشی کرد بەوەی کە بەندەکانی ئەم ڕێککەوتنە پڕۆژەگەلێکی ئاودێری لەخۆدەگرێت بۆ باشبەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی پتەوکردنی ژێرخانی سەرچاوە ئاوییەکان.
