نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، هەروەها بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەردانەکەی مەحهممهد شەیاع سودانی سهرۆک وهزیرانی عێراق بۆ واشنتن و چەند پرسێکی دیکە کۆ دەبێتەوە.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق تێیدا بەشدارن، ئەو کێشانەی پەیوەندارن بەپرسی بەڕێوەبردنی حکومەت و دۆسیە هەستیارەکان لە کۆبونەوەی ئەو هاوپەیمانێتیە یەکلاییدەکرێنەوە.
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو نوێنەری حزبەکەی بەشداریی لە کۆبونەوەکەدا بکات.
ھەر ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدهبێتەوە، ھەروەھا سبەینێش لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادی عێراق و موحسین مەندەلاوی سەرۆکی کاربەڕێکەری ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.
