سەرۆک وەزیران جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەگەری هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەڵمانی (SAP) لە ڕێگەی بەرنامەیەکی کاری هاوبەشەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ یەکشەممە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە پێشوازی کرد لە سەرۆکی هەرێمی کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەڵمانیا (SAP) ئیمانوێل ڕابتۆپولۆس و شاندەکەی یاوەری، لە پەراوێزی بەشداریکردنى لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوەلە دیدارەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی هاریکاری لەگەڵ کۆمپانیای (SAP) کرا و ئەزموونەکانی لە سەرانسەری جیهاندا خستەڕوو، چونکە گەورەترینە لە جیهاندا لە بواری پەرەپێدانی نەرمەکاڵای گەورەدا، کە تێڕوانینی ئابووری حکومەت و تەکنەلۆژیای زانیاری کۆدەکاتەوە.
سودانی جەختی کردەوە لەسەر ئەگەری هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمپانیاکە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی کاری هاوبەشەوە، کە سود وەرگرتن لە خزمەتگوزارییەکانی دیجیتاڵکردنی ئابووریدا لەخۆدەگرێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی داهێنان و باشترکردنی ئاراستەی وەبەرهێنان، هەروەها ئاماژەی بە خواستی حکومەت کرد بۆ سوود وەرگرتن لە خزمەتگوزارییەکانی و گرتنەخۆی ئەم جۆرە نەرمەکاڵایە لە پرۆگرامی کۆلێژە تایبەتەکان و لە بواری ڕاهێنانی نەرمەکاڵای دامەزراوەییدا.
لەلای خۆیەوە، ڕابتۆپولۆس ئامادەیی کۆمپانیاکەی دەربڕی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بوارەکانی تەکنەلۆژیادا، بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە جێبەجێکردنی تێڕوانین و پلانەکانی بەرەو ئابوورییەک کە لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی جیهاندا هاوشان بێت.
