سەرۆک وەزیران:کشتوکاڵ یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکومەت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ یەکشەممە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە پێشوازی کرد لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Vertical Future کە تایبەتە بە تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی و کشتوکاڵی ستوونی بەڕێز جیمی بورۆز، لە پەراوێزی بەشداریکردنی بەڕێزیاندا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە
سودانی خواستی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمپانیای جیهانی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا لە کەرتی کشتوکاڵدا بۆ عێراق، کە ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتەوە و بەهۆی کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ڕووبەرەکانی بە بیابانبوون و ئاماژەی بەوەش کرد کە کشتوکاڵ یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکومەت و حکومەت چەندین ڕێوشوێن و هەنگاوی گرتۆتەبەر بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی شێوازی مۆدێرن لە کشتوکاڵ و ئاودێریدا، جگە لە پشتیوانیکردنی جوتیاران و کەرتی تایبەتی پەیوەست بە کشتوکاڵ کە نوێنەرایەتی یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئابووری عێراق دەکات.
لە لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لە عێراق ئامادە بێت و هاوکاری پێشکەش بکات لە بواری پشتیوانیکردنی کشتوکاڵی عێراق بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سوود وەرگرتن لەو ناوچانەی کە بۆ کشتوکاڵ بەردەستن و زیادکردنی بەرهەمەکانی.
