سەرۆک وەزیران خواستی عێراقی بۆ هەماهەنگییەکی ئابووری فراوانتر لەگەڵ سعودیە دەربڕی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود کۆبووەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی پتەوکردنیان کرا و دۆسیەکانی هەماهەنگی هاوبەش و گەشەکردنی لە چوارچێوەی کارەکانی ئەنجوومەنی هەماهەنگی عێراق و سعودیە خرانەڕوو، کە لە ئەنجامدا چەندین لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکاندا هاتە ئاراوە.
سودانی خواستی عێراقی بۆ هەماهەنگییەکی ئابووری فراوانتر لەگەڵ شانشین دەربڕی، کە یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوکردنی گەشەکردن و دابینکردنی دەرفەتی نوێ لە بوارە ئابوورییە جۆراوجۆرەکان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی برا و خۆشگوزەرانی گەلەکەیان.
لە لای خۆیەوە، شازادەی جێنشینی سعودیە پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ پەسەندکردنی بانگهێشتنامەکە و بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی و جەختی لە بهپیرهوهچوونی سعودیە کردەوە بۆ بەدیهێنانی باشترین پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و باشترکردنی ئاستی هاریکاری هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی غەزە و ئەو کوشتار و برسێتییە کرا کە هێزەکانی داگیرکەر لەدژی گەلی فەڵەستین ئەنجامی دەدەن و جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی گەورە بدرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕەی کە کاریگەرییەکانی ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی.
