سەرۆک کۆمار پێشوازی لە بەڕێوەبەری هەرێمی کۆمپانیای داناغاز دەکات
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید پێشوازیکرد لەعەبدوڵڵا قازی بەڕێوەبەری هەرێمی کۆمپانیای داناغاز.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:- لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 30-4-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە ئەو بۆردومانە کرا کە کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردە ئامانج و پرۆسەی بەرهەمهێنانی راگرت، هاوکات باس لەگرنگی هەوڵەکان کرا بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییانەی کە لەئەنجامی بۆردومانەکە دروستبووە و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان .
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی بەهێزکردنی هاریکارییەکان لە بواری وزەدا بە فراوانکردنی وەبەرهێنان و دابینکردنی هەموو پێداویستیی ئەمنی و لۆجستیەکان، ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان و حکومەتیش ئەرکییەتی ئاسانکاری و یاسای پێویست دابین بکات.
لای خۆیەوە عەبدوڵڵا قازی پەرۆشی دانەغازی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی کارەکانی لە عێراق و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و فراوانکردنی چالاکییەکانی.
